بانگهێشتکرانی بابەک کەریمی، لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بۆ دادگای کەیفەریی ئەیوانغەرب

23:16 - 31 گەلاوێژ 2723

بابەک کەریمی لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە تۆمەتی "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی"، بانگهێشتی لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەیوانغەرب کرا.

ئەم ناڕازییە، بەپێی بانگهێشتنامەیەک کە پێی گەیشتووە، دەبێ ڕۆژی ٥ی خەرمانان لە دادگادا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، بەرگری لە خۆی بکات.

پێشتر، بابەک کەریمی لەلایەن لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام، بە ٩ ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

بەپێی حوکمی دەرکراو، ئەم ناڕازییە بە تۆمەتەکانی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نێوخۆیی"، بە ٥ ساڵ زیندان، "بێڕێزی بە ڕێبەری حکوومەتی ئێران" بە دوو ساڵ زیندان و "بێڕێزی بە دامەزرێنەری کۆماری ئیسلامیی ئێران" بە دوو ساڵ زیندان مەحکووم کرابوو.

کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی ئەم ناڕازییە، ڕۆژی ١٢ی بانەمەڕی ئەمساڵ، لە لقی ٢ی دادگای ئینقلابی ئیلام بەڕێوە چوو.

بابەک کەریمی ڕۆژی ٣٠ ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئەیوانغەرب، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و ڕۆژی دووشەممە ١٧ی ڕێبەندان بە دانانی بارمتەی ٢ میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی ناوەنیی ئیلام ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە بە نیشانەی ناڕەزایەتیدەربڕین بە درێژکرانەوەی ماوەی دەسبەسەرکران و پێڕانەگەیشتن بە دۆسییەکەی دوو جار مانی لە خواردن گرتبوو.