ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، دەسبەسەر کرا

01:07 - 1 خەرمانان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٣١ی گەلاوێژ، ماشەڵڵا کەرەمی، باوکی محەممەدمێهدی (کۆمار) کەرەمی، خۆپیشاندەری لەسێدارەدراو، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ماشەڵڵا کەرەمی و لەپتاب و مۆبایلی ناوبرا و هەموو ئەندامانی بنەماڵەکەشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لەمەڕ دۆخ و شوێنی ڕاگیرانی ماشەڵڵا کەرەمی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

محەممەدمێهدی کەرەمی، هاووڵاتیی تەمەن ٢٢ ساڵی خەڵکی بیجاڕ، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لە خەزەڵوەری ١٤٠١، دەسبەسەر کرا و دواتر بە تۆمەتی کوشتنی بەسیجییەک بە ناوی "ڕۆحوڵڵا عەجەمیان"، لە ڕێوڕەسمی چلەی حەدیس نەجەفی بە "افساد فی‌الارض لە ڕێگەی ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی وڵات" مەحکووم و ڕۆژی ١٧ی بەفرانباری ١٤٠١، حوکمی لەسێدارەدرانەکەی بە بێ ئاگاداریی بنەماڵەکەی لەلایەن حکوومەتی ئێرانەوە جێبەجێ کرا.