خۆکوژیی دوو مێرمنداڵی تەمەن ١٣ و ١٤ ساڵ، بە هۆی "کێشەی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی سۆزداری"
ڤیان عەبدوڵڵافەر، تەمەن ١٣ ساڵ و ئاوات عەلینژاد، تەمەن ١٤ ساڵ، دوو مێرمنداڵی دانیشتووی گەڕەکی سەیداوێی شنۆ، بە هۆی "کێشەی کۆمەڵایەتی و پێوەندیی سۆزداری" لە ڕۆژەکانی ٢٦ و ٢٨ی گەلاوێژی ١٤٠٢، کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێنا.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڤیان و ئاوات پێکەوە لە پێوەندیی سۆزداریدا بوون کە ئەمە ناڕەزایەتیی بنەماڵەی ڤیانی بە دواوە بووە و ئەوان بە گوشارخستنە سەر کچەکەیان و وەرگرتنی مۆبایلەکەی، هەوڵی پێشگرتن لە درێژەکێشانی پێوەندییەکەیان داوە و ئەم مێرمنداڵە تەمەن ١٣ ساڵەیەش بەم هۆیەوە هەوڵی خۆکووژیی داوە و لە ڕێگەی خۆهەڵواسینەوە کۆتایی بە ژیانی خۆی هێناوە.
دوابەدوای ئەم ڕووداوە، ئاوات باری دەروونی و سۆزداریی تێک دەچێ، بۆیە بنەماڵەکەی بە مەبەستی باشتربوونی دۆخی بە سەفەر دەیبەنە مەهاباد، بەڵام لە کۆتاییدا ئاواتیش خۆی دەخاتە سەدەکەی مەهابادەوە و گیانی لەدەست دا.
سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: ئاوات چەندین جار بە بنەماڵەکەی خۆی وتووە کە بە بێ ڤیان نایەوێ بژیت و ئەگەر خۆشی ڕۆژێک گیانی لەەست دا، لە پاڵ مەزارەکەی ڤیان بینێژن کە لە ئاکامدا، تەرمەکەی هەر لە نزیک مەزاری ڤیانەوە بە خاک سپێردرا.
لەلایەکی دیکەوە، ڕۆژی یەکشەممە، ٢٩ی گەلاوێژی ١٤٠٢، مێرمنداڵێکی تەمەن ١٦ ساڵ لە ناوچەی فەرهەنگییانی بۆکان، کۆتایی بە ژیانی خۆی هێنا.
بە وتەی ئەوین مستەفازادە، وتەبێژی کوردپا؛ خۆکوژی لە پارێزگای سنە دیاردەیەکی تێکەڵاو لە دۆخی کۆمەڵایەتی_ئابووری_سیاسییە کە بە هۆی لە پەراوێزخستنی و دواکەوتوو ڕاگرتنی کوردستان لەلایەن حکوومەتەوە، دەرفەتەکانی گەشە و پێگەیشتنی کۆمەڵایەتی و تاکەکەسی لە مرۆڤەکان لەم بەشەدا زەوت دەکرێت و لەم دۆخەدا، مرۆڤەکان ئاگایی و زانیاریی پێویستیان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ خەسار و کێشە کۆمەڵاتییەکان نییە.
لەلایەکی دیکەوە، حکوومەت لە ڕاستای ڕوانینی ئەمنییەتی بەنیسبەت کوردستان، هەوڵ دەدات خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستاندا، وەکوو بەشێک لە فەرهەنگی ئەم بەشە پێناسە بکات و وای نیشان بدات کە کێشە لە فەرهەنگی کوردە، ئەمە لەحاڵێکدایە کە فەرهەنگ پرسێکە کە لە وڵاتانی ئاساییدا، بوودجەیەکی زۆر بۆ گەشەپێدانی تەرخان دەکرێت.
ئەم خوێندنەوەیە بە مانای نکۆڵیکردن لە سونەتە هەڵەکانی کۆمەڵگەی کوردستان نییە، لە ساڵانی دواییدا چالاکانی ژن و چالاکانی یەکسانیی ڕەگەزی بە دەستی بەتاڵ، زۆرترین ڕۆڵیان لە خەبات دژی ژنکوژی و خۆکوژی لە کوردستاندا هەبووە، لەو ڕاستایەدا کە ئەمە وەکوو کەڵکەڵەی کۆمەڵگە پێناسە بکەن و سونەتە هەڵە و پیاوسالارانەکان ڕەت بکەنەوە؛ لەم ڕێگایەشدا دەسبەسەر کراون و هەموو ئەنجومەنەکانی پێوەندیدار بە ژنان هەڵوەشاونەتەوە یا ئیتر ماوەی مۆڵەتەکانیان درێژ ناکرێتەوە.
چالاکان، میدیا و ناوەندە مافی مرۆییەکان نە تەنیا هەواڵی ژنکوژی و خۆکوژییەکانیان نەشاردووەتەوە و نکۆڵیان لێ نەکردووە، بەڵکوو بە ئامانجی ئاگایی بەخشین بە کۆمەڵگە و وشیارکردنەوەی بیری گشتی، هەوڵیان داوە خەسارە کۆمەڵایەتییەکان دەسنیشان بکەن و وەکوو پرسێکی گشتی پێناسەی بکەن.
پرسی گرینگ ئەوەیە کە خودی قوربانییانی ژنکوژی و خۆکوژی، کەسانێکی ئاسایی و بێ کردار نەبوون، بەڵکوو لە ساڵانی ڕابردوودا بینیومانە ئەو کەسانەی کە کۆتاییان بە ژیانی خۆیان هێناوە یا ئەو ژنانەی کە کوژراون، بەنیسبەت سونەتەکان و هەڵاواردنەکان، ناڕازی بوونە و بێدەنگیان هەڵنەبژاردووە.
ئەم نووسینە بە مەبەستی هینا گۆڕیی قوڵبوونی خەسارە کۆمەڵایەتییەکان لە کوردستان و تێکەڵبوونی ساختارەکانە، چونکە خوێندنەوەی تاک ڕەهەندیی خۆکوژی، هەڵەیە.