دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە مەریوان و جوانڕۆ

13:00 - 30 گەلاوێژ 2723

دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "زانا پەروانە"، خەڵکی مەریوان و "موعین فەقیهی"، خەڵکی جوانڕۆ، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی شەممە، ٢٨ی گەلاوێژ، زانا پەروانە، خەڵکی مەریوان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

لەلایەکی دیکەشەوە، ڕۆژی هەینی، ٢٧ی گەلاوێژ، موعین فەقیهی، تەمەن ٢٥ ساڵ و خەڵکی جوانڕۆ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە ماڵەکەی خۆیدا و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: زانا پەروانە و موعین فەقیهی