بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی مستەفا حوسێن‌پوور

18:53 - 11 گەلاوێژ 2723

سەبارەت بە چارەنووسی هاووڵاتییەک بە ناوی "مستەفا حوسێن‌پوور"، تەمەن ٢٥ ساڵ و کوڕی ئەبووبەکر، دانیشتووی نەغەدە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: بەدواداچوونی بنەماڵەی حوسێن‌پوور بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووس و شوێنی ڕاگیرانی کوڕەکەیان بێ‌ئاکام بووە.

مستەفا حوسێن‌پوور، نێوەڕاستی مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، بە بێ بەڵگەی یاسایی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا. هێزە ئەمنییەتییەکان، ناوبراویان بە "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پشتیوانی لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی"، تۆمەتبار کردووە.