پیرانشار؛ دەسبەسەرکرانی حوسێن مەحموودپوور لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:10 - 26 گەلاوێژ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی سێشەممە، ٢٤ی گەلاوێژ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "حوسێن مەحموودپوور"، تەمەن ٤٦ ساڵ و خەڵکی گوندی "گەرگولی خوارێ"، سەر بە شاری پیرانشار، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حوسێن مەحموودپوور، پێشتریش لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە، چەند جار بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە، بەڵام ناوبراو لە ئامادەبوون لەو شوێنە خۆی بواردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.