فەرهاد نەوایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵەی خەڵکی مەهاباد لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ ئازاد کرا

22:43 - 18 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ١٨ی گەلاوێژ، فەرهاد نەوایی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی " ترشکان"، سەر بە شاری مەهاباد، لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی سنە ئازاد کرا.

ئەم مێرمنداڵە لەلایەن دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە مێرمنداڵانی مەهاباد، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرا.

ئەم حوکمە، ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، پاش ڕۆیشتنی بنەماڵەی فەرهاد نەوایی بۆ دادگا، پێیان ڕاگەیەندراوە. ئەم حوکمە لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێ بە فەرهاد نەوایی ڕاگەیەندراوە.

فەرهاد نەوایی، لە ماوەی دەسبەسەرکران و کۆبوونەوەی دادگاییدا، لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، بێبەری کراوە. دادگا بۆ ئازادیی کاتی فەرهاد، بارمتەی ٥ میلیارد تمەنیی دیاری کردووە کە بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنیان نەبووە.

هەواڵدەریی "میزان"، سەر بە دەزگای دادوەرییش، بە بە بڵاوبوونەوەی هەواڵێک سەبارەت بە فەرهاد نەوایی نووسیبووی: "دادگای کەیفەری یەکی تایبەتی مێرمنداڵان لە مەهاباد، لە پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی تۆمەتبار، بە سەرنجدان بە بەڵگەکان سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناوبراو، وەک موحاربە، حوکمی بێتاوانبوونی ناوبراوی دەرکردووە، بەڵام سەبارەت بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی بە ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات بە سەرنجدان بە وردەکارییەکانی دۆسییەکەیان، لێکۆڵینەوە ئەنجامدراوەکان ووتەکانی تۆمەتبار بە لەبەرچاوگرتنی کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری و کەمکردنەوەی یاسایی سزاکان، ناوبراوی بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەت بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکران مەحکووم کردووە.

فەرهاد نەوایی، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.