سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە پارلەمانی ئاڵمان، کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەکەی لە ئەستۆ گرت

22:39 - 18 گەلاوێژ 2723

سارا لارکمپ، پارێزەری مافی منداڵان لە  فراکسیۆنی SPDی  پارلەمانی ئاڵمان، بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە فەیسبووکی خۆی، ڕایگەیاند کە کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە و منداڵەی "سۆلینا"ی، لە ئەستۆ گرتووە و لە نامەیەکدا بۆ باڵوێزخانەی ئێران لە ئاڵمان، بەنیسبەت دۆخی ئەوان نیگەرانیی خۆی دەربڕیوە و خوازیاری ئازادییان لەو دۆخە نامرۆڤانەی زیندانی ورمێ بووە.

سارا لارکمپ، لەم پۆستە فەیسبووکییەدا ڕایگەیاندووە، وەکوو نوێنەری پارێزەری مافی منداڵان لە فراکسیۆنی SPDی پارلەمانی ئاڵمان، من بە دۆخی ئەم دایک و منداڵە حەپەساوم و نیگەرانم! بۆیە داوا لە هەمووان دەکەم ئەم پۆستەی من هاوبەش بکەن و سەرنجمان بخەینە سەر چارەنووسی سوعدا و سۆلینا!

ئەم پارلەمانتارە ئاڵمانییە، بە ئاماژە بە نەبوونی کەرەستەی یاریکردن، پزیشکی منداڵان، دەرمان، خواردن و جلوبەرگی پێویست بۆ سۆلینا، ئیزنی یەک کاتژمێر چوونەدەرەوە لە بەند لە ڕۆژدا و دەسپێڕانەگەیشتنی سوعدا بە پارێزەر و مورەخەسی وتوویەتی دۆخی ئەوان دژی مافی مرۆڤە و دەبێ بەزوویی ئازاد بکرێن.

ئەم پارێزەری مافی منداڵانە لە پارلەمانی ئاڵمان، لە دەقی نامەکەیدا وتوویەتی؛ پاش ئەوەی کە لە دۆخی سەعدا و سۆلینا ئاگادار کرامەوە، ئەرکی پشتیوانی لەوان لە ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"م لە ئەستۆ گرت. سوعدا بە ئەندامەتی لە گرووپێکی ئۆپۆزسیۆنی کورد تۆمەتبار کراوە، تۆمەتێک کە کۆمەڵگەی بەلاڕێداچووی ئێران، لەگەڵی بەرەوڕوویە. ناوبراو لە کاتی دەسبەسەرکراندا دووگیان بووە و ناچار بووە و لە دۆخێکی مەترسیداردا منداڵەکەی بێنێتە دونیاوە و ئێستا بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکووم کراوە.

کەفاڵەتی سیاسیی سوعدا خەدیرزادە، لەلایەن سارا لارکمپ لە ئاکامی زانیاریی وردی کوردپا و هەوڵی دوو مانگە و هاوکاریی دوو لایەنەی لەگەڵ ڕێکخراوی مافی مرۆیی "هاوار"، بووە.

پێشتر کوردپا، لە یەکەمین ساڵڕۆژی لەدایکبوونی سۆلینادا، پەرژابووە سەر دۆخی ئەم دایک و منداڵە زیندانییە سیاسییە لە زیندانی ورمێ.