بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ڕەحیم شەمعی لە زیندانی مەهاباد

13:40 - 18 گەلاوێژ 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ٨ مانگ بەسەر دەسبەسەرکرانی ڕەحیم شەمعی، هاووڵاتیی خەڵکی مەهەباد، چارەنووسی ناوبراو هەروەها ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە و دادگاییەکەشی بەڕێوە نەچووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕەحیم شەمعی، ڕۆژی ١٠ی سەرماوەزی ١٤٠١، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە ڕێگەی پێوەندیی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیتلاعاتی سپا کراوە و پاش ئامادەبوون لەم ناوەندە ئەمنییەتییە، دەسبەسەر کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: ئەم هاووڵاتییە کوردە بە مەبەستی لێپرسینەوە ڕەوانەی ئیتلاعاتی سپا لە ورمێ کراوە و بۆ ماوەی ٢ مانگ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لەژێر گوشاردا بووە، لەو ماوەیەشدا تەنیا یەک جار توانیویەتی پێوەندیی تلفۆنی، لەگەڵ بنەماڵەکەی بگرێ.

تاکوو ئێستا سەبارەت بە تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ڕەحیم شەمعی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.