برینداربوونی لانیکەم ٧ کۆڵبەر لە سنووری نەوسوود

11:38 - 16 گەلاوێژ 2723

شەوی یەکشەممە، ١٥ی گەلاوێژ، لانیکەم ٧ کۆڵبەر، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت لە سنووری نەوسوود بریندار کران.

هەواڵنێری کوردپا لە پاوە، شوناسی ئەو ٧ کۆڵبەرەی "ئێحسان ڕەسووڵی خەڵکی پاوە، سەلام وەیسی، میلاد بازانی، نیما ئەعزەمی و هوشیار بازانی خەڵکی جوانڕۆ و فەرشاد خەڵکی سەلاسی باوەجانی" ڕاگەیاندووە.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لەمبارەوە بە هەواڵنێری کوردپای وتووە: هێزە نیزامییەکانی حکوومەت بە بێ ئاگادارکردنەوەی پێشوو گرووپێک لە کۆڵبەرانیان داوەتە بەر دەسڕێژی گولـلە و ئەم کۆڵبەرانە بە مەبەستی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی ڕەوانەی نەخۆشخانەی قودسی پاوە کراون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: زۆربەی ئەم کۆڵبەرانە، سەر، پشت، دەس و لاقیان بریندار بووە و ئێحسان ڕەسووڵی لەم ڕووداوەدا قەفەسەی سینگی بریندار بووە و لە نەخۆشخانەی قودسی پاوە، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتیشی: دۆخی گشتیی هەندێک لەم کۆڵبەرانە نالەبار ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "ڕەسووڵ گاگەشی"، خەڵکی سەردەشت، لە چوونەژوورەوەی شاری بانە و لە کاتی ڕاوەدوونانی ماشینی کاسبکارێک لە لایەن هێزە نیزامییەکانەوە، تووشی ڕووداوی هاتوچۆ بوو و گیانی لەدەست دا.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: ئێحسان ڕەسووڵی و نیما ئەعزەمی