بانگهێشتی بەردەوامی سنوور فەرشادفەر بۆ ئیتلاعاتی مەهاباد و هەڕەشەی دۆسییەسازی دژی ناوبراو

19:31 - 15 گەلاوێژ 2723

سنوور فەرشادفەر، هاووڵاتیی تەمەن ٣٤ ساڵی خەڵکی مەهاباد، لە ماوەی حەفتەکانی ڕابردوودا، سەبارەت بە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و لێپرسینەوەی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، سنوور فەرشادفەر لە حەفتەکانی ڕابردوودا، زیاتر لە ٥ جار بانگهێشتی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان سەبارەت بە ناڕەزایەتییەکانی ئەم شارە و بە مەبەستی "هاوکاری و درکاندنی ناوی کەسانی تر"، گوشاریان خستووەتە سەری.

هەروەها هێزە ئەمنییەتییەکان لە لێپرسینەوە بەردەوامەکاندا هەڕەشەیان لێ کردووە کە ئەەگەر هاوکاریی ناوەندە ئەمنییەتییەکان نەکا، دۆسییەسازیی بۆ دەکەن.

بەپێی لێکۆڵینەوەکان و ئەو ڕاپۆرتانەی کە بە کوردپا گەیشتووە؛ ڕێژەی بانگهێشتکرانی هاووڵاتییانی کورد لە شارەکانی کوردستان دوابەدوای بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بە مەبەستی "هاوکاری و دۆسییەسازی"، زۆر لە سەرەوە بووە و لە بەرەبەری ساڵوەگەڕی ئەم نااڕەزایەتییانەدا بە مەبەستی ترساندی کۆمەڵگە، بانگهێشتکران و گوشارەکانیش خێراییان زۆر بووە و ڕێژەشیان بەرز بووەتەوە.