ڕەسووڵ گاگەشی، کۆڵبەری خەڵکی سەردەشت لە ڕووداوی هاتوچۆدا گیانی لەدەست دا

13:37 - 15 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژی ١٤٠٢، کۆڵبەرێکی کورد بە ناوی "ڕەسووڵ گاگەشی"، خەڵکی سەردەشت، لە چوونەژوورەوەی شاری بانە و لەکاتی ڕاوەدوونانی ماشینی کاسبکارێکی کورد لەلایەن هێزە نیزامییەکانی حکوومەتەوە، ماشینی کاسبکارەکە لێ داوە و گیانی لەدەست داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا،  ڕەسووڵ گاگەشی، پاش گەڕانەوە لە کۆڵبەری لە سنووری "هەنگەژاڵ"ی بانە و لە چوونەژوورەوەی ئەم شارە، بەهۆی ڕاوەدوونانی هێزە نیزامییەکان و کەوتنە بەر ماشینی ئەو کاسبکارەی کە هێزە نیزامییەکان بە دوایەوە بوون، گیانی لەدەست داوە.

تەرمی ئەم کۆڵبەرە کوردە تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە نەخۆشخانەی سەلاحەدینی ئەیووبیی بانەیە.

رەسووڵ گاگەشی خێزاندار بووە و ٥ منداڵی هەبووە. تەمەنیشی زیاتر لە ٤٠ ساڵ بووە.

شەوی پێنجشەممە، ١٢ی گەلاوێژ، کۆڵبەرێک بە ناوی "هوشیار ئەمینی دۆسینە"، کوڕی محەممەد و خەڵکی گوندی "دۆسینە"، سەر بە شاری بانە، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەت گیانی لەدەست دا.