هێزە ئەمنییەتییەکان نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردیان دەسبەسەر کردەوە

01:09 - 9 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانان، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقز و دانیشتووی تاران، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە، لە ماڵەکەی خۆیدا دەسبەسەر کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان دەرکەی ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەیان شکاندووە و لە کاتی دەسبەسەرکردنیدا لێیان داوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: پاش سێ جار ڕەتکرانەوەی وەرگیرانی نازیلا مەعرووفیان لەلایەن زیندانی قەرچەکەوە، ناوبراو بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزراوە.

تەسنیم، هەواڵدەریی سەر بە سپای پاسداران لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کردووە کە نازیلا بە حوکمی دادسەرای ئیرشاد(ئەمنییەتی ئەخلاقی) بە تۆمەتی "پەرەدان بە گرینگینەدان بە ڕێوشوێنی ئایینی"، دەسبەسەر کراوە. بەپێی ڕاپۆرتی ئەم هەواڵدەرییە حکوومەتییە، پۆششی نازیلا لە شوێنی گشتی و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، لە هۆکارەکانی دەسبەسەرکرانی ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٣ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان لە ماوەی کەمتر لە ٢٤ کاتژمێر دوای ئازادیی کاتی، بە هۆی "بڵاوکردنەوەی وێنەی بێ حیجابی خۆی و بەرزکردنەوەی دەستی بە مانای سەرکوتن" و "بێرێزی و جنێودان" و "لێدان"، دیسان دەسبەسەر کرایەوە و لەژێر گوشارەکانی دادستانی تاراندا، ڕوانەی زیندانی قەرچەکی وەرامین کرا و ڕۆژی چوارشەممە، ٢٥ی گەلاوێژ لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٢ی گەلاوێژ، نازیلا مەعرووفیان بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی ئێڤین، ئازاد کرا.

ڕۆژی شەممە، ١٤ی گەلاوێژ، ئەم ڕۆژنامەوانە کوردە بە هۆی "گوشاری دەروونی و بەرزبوونەوەی لێدانی دڵ"، لە زیندانی ئێڤینەوە بۆ نەخۆشخانەی تاڵەقانیی تاران و دواتر بۆ زیندان ڕاگوێزرا.

نازیلا مەعرووفیان، بە هۆی ڕەچاونەکردنی حیجابی زۆرەملێی حکوومەت، لە مافی چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و پێوەندی لەگەڵیان بێبەری کرابوو و هاوکات لەگەڵ دانانی بارمتە لە دادسەرای ئێڤین بۆ ئازادکردنی دژایەتی کرابوو.

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، نازیلا مەعرووفیان، بۆ جاری دووهەم پاش دەسپێکردنی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و پاش بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین دەسبەسەر کرا و دواتریش لە گرتنگەی وەزارەتی ئیتلاعات ناسراو بە بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤینەوە بۆ بەندی ژنانی ئەم زیندانە ڕاگوێزرا.

ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم ڕۆژنامەوانە و لەپتاب، مۆبایلی ناوبراو و ئامێرێکی هەڵگرتنی دەنگیان لەگەڵ خۆیان برد و پێیان ڕاگەیاند کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم ڕۆژنامەوانە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی یگانی تایبەت و جنێودانی ڕەگەزیی ئەوانی بەرانبەر بە خۆی کە بە بێ سەرپۆش لە تئاتری شاردا بەشدار بوو، بە فەرمی بۆ خەڵک گێڕایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، لە چوارڕێیانی وەلیعەسری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم ڕۆژنامەوانە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوو و حوکمی ٢ ساڵ زیندانەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ چووە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، نازیلا مەعرووفیان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەی ١٤٠١، بە هۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.