ڕاگواستنی مامۆستا محەممەد شەریفی بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ

22:11 - 8 خەرمانان 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٨ی خەرمانان، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا محەممەد شەریفی"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم مامۆستا ئایینییە تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستا ئایینییە و پاش شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم مامۆستا ئایینییە، لەپتاب، هەروەها مۆبایلی خۆی و هاوسەرەکەی، کامێرای چاوەدێریی ماڵەکەی و کتێبەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مامۆستا محەممەد شەریفی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.