تاران؛ کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی بەڕێوە چوو

11:34 - 8 خەرمانان 2723

ڕۆژی سێشەممە، ٧ی خەرمانان، کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی، لە لقی ٢٨ی دادگای ئینقلابی تاران بەڕێوە چوو.

لەم کۆبوونەوەی دادگاییەدا، ساڵح نیکبەخت تۆمەتی "چالاکی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ میدیا دەرەکی و نێوخۆییەکانی دراوەتەوە پاڵ.

بە وتەی عەلی ڕەزایی، پارێزەری دۆسییەکەی ساڵح نیکبەخت، لەم کۆبوونەوەیەدا، دادگا پرسیارگەلێكی بە شێوەی نووسراو لە نیکبەخت پرسیوە و بە هۆی پێویستیی وەرگرتنی ڕای کارناسی دۆسییەکە و هەروەها ڕەچاوکردنی دۆخ و کات، دەرفەتی بەرگریی سەرەتایی بە ساڵح نیکبەخت و من وەکوو پارێزەری ناوبراو نەدرا و بەرپرسی دادگا، درێژەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەکە و گوێگرتن لە بەرگرییەکەی خستە کاتی کۆبوونەوەی دواترەوە.

عەلی ڕەزایی، بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەیەک سەبارەت بە کۆبوونەوەی پێڕاگەیشتن بە دۆسییەی ساڵح نیکبەخت ڕایگەیاند: ئەگەرچی بەرگری کەوتووەتە کۆبوونەوەی داهاتوو بەڵام هەروا کە لە لایحەی بەرگریی خۆمدا ئاماژەم پێ کردووە، تاوانی "چالاکی تەبلیغی دژی نیزام"، نادرێتە پاڵ ساڵح نیکبەخت و لە داواکارییەکەی منیشدا وەپاڵدانی ئەم تاوانە بە بێ هۆکار ناو براوە.

پارێزەری دۆسییەکەی نیکبەخت، نووسیویەتی: لەم دۆسییەدا، وتووێژگەلێک لە ناوبراو وەکوو بەڵگە هێنراوەتەوە کە لەو وتوێژانەدا، ناوبراو تەنیا وەکوو مافناسێک، ڕای کارناسانەی خۆی دەربڕیوە و سەبارەت بە شێوەی بەڕێوەبردنی وڵات و هەندێ کردەوەی دژ بە یاسا، ڕەخنەی گرتووە.

ڕۆژی شەممە، ٢٠ی ڕەشەمەی ١٤٠١، ساڵح نیکبەخت، پارێزەری بنەماڵەی ژینا_مەهسا ئەمینی، بانگهێشتی لقی ٢ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی ناوچەی ٣٣ی تاران کرا و تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"ی پێ ڕاگەیەندرا.

ئەم پارێزەرە بە دانانی کەفاڵەت، هەتا کاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەی دادگا بە شێوەی کاتی ئازاد کرا.

ڕۆژی هەینی، ٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا_مەهسا ئەمینی، تەمەن ٢٢ ساڵ و خەڵکی سەقز، کە لە ئاکامی لێدانی هێزەکانی گەشتی ئێرشاددا چووبووە کۆماوە، لە نەخۆشخانەی کەسرای تاران گیانی لەدەست دا.