بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی ئارش شەریفی لە سنە

17:41 - 7 خەرمانان 2723

هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "ئارش شەریفی"، تەمەن ٣٢ ساڵ و کوڕی عەباس، خەڵکی گوندی "تەنگیسەر" و دانیشتووی مەریوان، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، سەرەتاکانی گەلاوێژی ئەمساڵ، ئەم هاووڵاتییە لە پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەیدا ڕایگەیاندووە کە بە مەبەستی لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەریوانەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئارش شەریفی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: تاکوو ئێستا بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی شەریفی بۆ ئاگاداربوونەوە لە چارەنووسی کوڕەکەیان ئاکامێکی نەبووە.

ڕۆژی چوارشەممە، ١٧ی جۆزەردان، ئارش شەریفی بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی و بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر مۆبایلی ئارش شەریفیدا گرتووە و بردوویانە.