شنۆ؛ درێژەی بانگهێشت، لێپرسینەوە و هەڕەشەی کوشتن لە بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان لەلایەن ئیدارەی ئیتلاعاتەوە

17:35 - 7 خەرمانان 2723

لە ماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا، حامید حوسێن‌زادە، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "شاوانێ"، سەر بە شاری شنۆ، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کراوە و بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی کوڕەکەی لە یەکێک لە حیزبە کوردستانییەکاندا، "هەرەشەی کوشتنی منداڵەکەی، دەستداگرتن بەسەر سامانی بنەماڵەکە و دەرکردن لە ئێران"ی لێ کراوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەم هاووڵاتییە ٥٠ ساڵەیان وتووە کە لە ئەگەری بەردەوامبوونی چالاکییەکانی کوڕەکەی لە "حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران"دا، کوڕەکەی دەکوژن و دەست بە سەر هەموو سامانی بنەماڵەکەیدا دەگرن و خۆی و بنەماڵەکەشی دەبێ لە ئێران بڕۆنە دەرەوە.

پێشتریش ئەم هاووڵاتییە بە هۆی چالاکییە سیاسییەکانی کوڕەکەیەوە، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی سپا لە شنۆ کرابوو و لەوێ ئەشکەنجە درابوو.

ئاکام حوسێن‌زادە، کوڕی حامید حوسێن‌زادە، ئەندامی حیزبی دێموکراتە و تاکوو ئێستا چەندین جار بنەماڵەکەی کەوتوونەتە بەر ئازار و هەڕەشەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان.

پووشپەڕی ساڵی ١٤٠٢، سێ ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە خاکی هەرێمی کوردستاندا تێرۆر کران. حیزبی دێموکرات لە بەیانییەیەکدا بکەری ئەم تێرۆرانەی، کۆماری ئیسلامی ناو برد. سیامەند شابۆیی، عادڵ(سەرباز) موهاجر و لوقمان ئاجی، ئەو سێ کەسە بوون کە تێرۆر کران.

لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا و بەتایبەت بە دەسپێكی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی و هاوکات لەگەڵ هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی کۆماری ئیسلامی بۆ سەر بنکەی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە خاکی هەرێمی کوردستان، گوشارەکان بۆ سەر بنەماڵەی ئەندامانی ئەم حیزبانەش لە نێوخۆی کوردستانی ئێران زیادی کردووە و بنەماڵەکان بۆ گەڕاندنەوەی منداڵەکانیان بۆ ئێران، لەژێر گوشاردان و لەلایەن کۆماری ئیسلامییەوە بەردەوام هەڕەشەی کوشتنی منداڵەکانیان، سنووردارکردنی ئاکاری کۆمەڵایەتی و یاسایی و هەروەها دەستداگرتن بەسەر سامانەکەیان لێ کراوە.

کۆمەڵێک ڕاپۆرت بە کوردپا گەیشتوون کە نیشان دەدەن حکوومەت لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، پێشی بە چوونە زانکۆ بەتایبەت زانکۆ دەوڵەتییەکان لە بیاڤی زانستی مرۆیی، بۆ بنەماڵەی ئەندامانی حیزبە کوردستانییەکان گرتووە.

ڕۆژی ڕابردوو، ٦ی خەرمانانی ١٤٠٢، ناسر کەنعانی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، بە بێ ئاماژە بە وردەکارییەکان، هەڕەشەی لە دەوڵەتی عێراق کرد کە لە ئەگەری "چەک نەکردن"ی حیزبەکانی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کووردستان هەتا ڕۆژی ٢٨ی خەرمانان، کۆماری ئیسلامی جموجوڵی خۆی دەست پێ دەکات.