دەسبەسەرکرانی ئەندامانی بنەماڵەیەک لە ڕێگای سنە - مەریوان پاش تەقەکردن لە ماشینەکەیان

19:05 - 13 گەلاوێژ 2723

ڕۆژی سێشەممە، ١٠ی گەلاوێژ، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، لە ڕێگای سنە-مەریوان، تەقەیان لە ماشینی هاووڵاتییەک بە ناوی پووریا ئەحمەدی، چالاکی مەدەنی کردووە و پاش ڕاگرتنی ماشینەکە، ناوبراو و هاوسەرەکەی بە ناوی سەحەر ئەحمەدی و منداڵەکەی بە ناوی بەرزین ئەحمەدیان دەسبەسەر کردووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان پاش لێدانی پووریا ئەحمەدی و سەحەر ئەحمەدیی هاوسەری، منداڵە ساواکەشیان دەسبەسەر کردوون و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەیان ڕاگواستوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادرە ڕایگەیاند: ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژ، هێزە ئەمنییەتییەکان بنەماڵەی ئەحمەدییان بانگهشت کردووە و منداڵەکەیان ڕادەست کردوون.

ئەەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: هێزە ئەمنییەتییەکان، ڕۆژی چوارشەممە، ١١ی گەلاوێژ، هێرشیان کردووەتە سەر مالی پووریا ئەحمەدی و پاش پشکنینی ماڵەکە، هەندێ کەرەستەی تاکەکەسیشیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی پوریا ئەحمەدی و سەحەر ئەحمەدی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

پووریا ئەحمەدی، ڕۆژی یەکی ڕەشەمەی ساڵی ١٣٩٧یش لەلایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی سپای پاسدارانەوە لە سنە دەسبەسەر کرابوو و پاش ١٥ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئەم ناوەندە ئەمنییەتییە، بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوو.

پووریا ئەحمەدی، هەروەها ڕۆژی ٢١ی بانەمەڕی ساڵی ١٣٩٨، لەلایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە دەسبەسەر کرابوو و پاش ١٠ ڕۆژ لێپرسینەوە لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعات، بە دانانی بارمتەی ٣٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.