بۆکان؛ دەسبەسەرکرانی مامۆستا محەممەد شەریفی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

00:46 - 6 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانان، مامۆستایەکی ئایینیی کورد بە ناوی "مامۆستا محەممەد شەریفی"، تەمەن ٣٧ ساڵ و خەڵکی بۆکان، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ١٢ی نیوەڕۆ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم مامۆستا ئایینییە و پاش شکاندنی دەرکە و پەنجەرەی ماڵەکەی، دەسبەسەریان کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی ماڵی ئەم مامۆستا ئایینییە، لەپتاب، هەروەها مۆبایلی خۆی و هاوسەرەکەی، کامێرای چاوەدێریی ماڵەکەی و کتێبەکانی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردووە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی مامۆستا محەممەد شەریفی، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.