"ممنوع‌الخروج" کرانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد

00:35 - 6 خەرمانان 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٥ی خەرمانان، شەهرووز حوسێن‌پووری، برای ئازاد حوسێن‌پووری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کراوە و هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندووە کە خۆی و خوشکەکانی ئیزنی چوونەدەرەوە لە وڵاتیان نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بە شەهرووزیان ڕاگەیاندووە کە لە ماوەی ٤٨ کاتژمێردا پاسپۆرت و مۆبایلی ئەندامانی بنەماڵەکەی ڕادەستی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد بکات و لە ئەگەری چالاکی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، بەتوندی ڕووبەڕووی خۆی و خوشکەکانی دەبنەوە.

شەهرووز حوسێن‌پووری پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد، ئازاد کراوە.

هەر لەم پێوەندییەدا، ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، شیرین حوسێن‌پووری، فەریبا حوسێن‌پووری، شیما حوسێن‌پووری، شەهرووز حوسێن‌پووری و ڕەحمان ئیسماعیلی لە ئەندامانی نەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

سەرەتای مانگی پووشپەڕی ئەمساڵ، دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت، لە کردەوەیەکی تێکدەرانەدا، وشەی "شەهید"یان لەسەر کێڵی مەزاری ئازاد حوسێن‌پووری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سڕیەوە.

شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد حوسێن‌پووری، پزیشکی ددان و خۆپیشاندەری دانیشتووی مەهاباد، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا و بە تەقەی هێزە ئەمنییەتی_سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.