ئێحسان محەممەدی مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی تۆمەتبار بە "موحاربە" بە ئاواتی "وەرزشی ڕەزمی و گەیشتن بە تیمی میللی" لە زیندانی ورمێدایە

20:13 - 4 خەرمانان 2723

ئێحسان محەممەدی، مێرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی شنۆ و لە دەسبەسەرکراوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کە زیاتر لە ١٠ مانگە بە تۆمەتی "موحاربە" لە زینداندایە، "ئاواتی ئەوەیە کە ببێتە ڕەزمی کار و بچێتە تیمی میللی".

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم قوتابییە تەمەن ١٦ ساڵەیە، لەحاڵێکدا زیاتر لە ١٠ مانگی ڕابردوو لە دەسبەسەریدا بووە کە لە خوێندن دابڕاوە و ئاواتی ئەوەیە کە ببێتە ڕەزمی کار و بچێتە تیمی میللی.

ڕۆژی ١٨ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم زیندانییە سیاسییە تەمەن ١٦ سالە، لەلایەن لقی ٣ی دادگای ئینقلابی ورمێ، بە تۆمەتەکانی تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداریکردن لە ناڕەزایەتییەکان، ئاگرتێبەردان و تێکشکاندنی کەلوپەلی گشتی "لە حوکمی موحاربە" تۆمەتبار کراوە و بە هۆی ئەوەی کە تەمەنی کەمتر لە ١٨ ساڵە دۆسییەکەی ڕادەستی دادگای کەیفەری یەکی تاوانەکانی مێرمنداڵان کراوە.

ڕۆژی ٣ی خەرمانانی ١٤٠٢، ئێریک ماکوارد، ئەندامی پارلەمانی ئورووپا، کەفاڵەتی سیاسیی ئێحسان محەممەدیی لە ئەستۆ گرت. ئێریک ماکوارد بە بڵاوکردنەوەی پۆستێک لە ئینستاگرامەکەی خۆیدا نووسیویەتی: من کەفاڵەتی ئێحسان لە ئەستۆ دەگرم. ئەو تەمەنی ١٦ ساڵە و تۆمەتی "موحاربە"ی لێ دراوە و ئەگەری هەبووە لە سێدارە بدرێت، لە ڕابردووشدا کەسی وا کە نەگەیشتوونەتە تەمەنی یاسایی چەندین جار لە ئێراندا بە لەسێدارەدران مەحکووم کراون و لە سێدارە دراون.

ئێحسان محەممەدی ڕۆژی ٢١ی ڕەزبەری ١٤٠١، پاش بانگهێشتکرانی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، دەسبەسەر کرابوو. ناوبراو پاش ماوەیەک بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ورمێ ڕاگوێزرابوو و لە ماوەی لێپرسینەوەکەشدا ئەشکەنجە دراوە.

ئێحسان لە کاتی دەسبەسەرکرانەوە تاکوو ئێستا بە بێ مافی ئازادیی کاتیی لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێدایە.