١٨ ڕۆژ بێ‌ئاگابوون لە چارەنووسی سامان پاشایی لە ژووری تاکەسیی گرتنگەی ئیتلاعاتی سنە

22:58 - 28 پووشپەڕ 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٨ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی و خەڵکی سەقز، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، بنەماڵەی پاشایی، لە ماوەی ١٨ ڕۆژ بەدواداچووندا، توانیویانە نامەیەک لەلایەن دادستانی سەقزەوە بۆ چاوپێکەوتن لەگەڵ کوڕەکەیان وەربگرن، بەڵام پاش ڕۆیشتن بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان وتوون کە کوڕەکەتان پێی خۆش نییە بتانبینێ.

لە درێژەدا بە پێداگریی زۆری بنەماڵەی پاشایی، سامان ناچار بە پێوەندییەکی تلفۆنی لەگەڵ بنەماڵەکەی دەکەن و دەڵێن تەنیا ئەم چەند وشەیە بڵێ: "کێشەیەک نییە، بگەڕێنەوە."

ئەو سەرچاوەیە ڕایگەیاند: سامان پاشایی لە ماوەی ئەم ١٨ ڕۆژەدا، لە ژووری تاکەکەسیی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بووە و بنەماڵەکەشی بەجیددی نیگەرانی دۆخی کوڕەکەیانن.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.