ئیلام؛ دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

11:37 - 28 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "میلاد مورشدی"، تەمەن ٢٨ ساڵ و خەڵکی بەشی کارزان، سەر بە شاری سیروان، لە پارێزگای ئیلام، لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، میلاد مورشدی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

هەروەها ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی "شەهریار فەریادیان"، تەمەن ٢٧ ساڵ و خەڵکی شاوری سەراوڵە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هیزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم دوو هاووڵاتییە، خەزەڵوەری ١٤٠١یش، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون و دواتر بە دانانی بارمتە ئازاد کرابوون.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان، دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: شەهریار فەریادیان و میلاد مورشدی