سنە؛ سێ چالاکی کرێکاری بە زیندان مەحکووم کران

10:27 - 28 پووشپەڕ 2723

کەماڵ کەریمی، شادمان عەبدی و خەبات مەحموودی، لە چالاکانی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن دادگای ئینقلابی ئەم شارەوە بە زیندان مەحکووم کراون و حوکمەکەیان هەڵپەسێردراوە.

بەپێی حوکمی دەرکراو، کەماڵ کەریمی، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە ٩ مانگ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٢ ساڵ هەڵپەسێردراوە.

شادمان عەبدی بە تۆمەتەکانی " ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نێوخۆیی و دەرەکی و پێکهێنانی گرووپی نایاسایی"، بە سێ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە بۆ ماوەی ٢ ساڵ و نیو هەڵپەسێردراوە.

 خەبات مەحموودیش بە تۆمەتەکانی " ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران و پێکهێنانی گرووپی نایاسایی"، بە یەک ساڵ و نیو زیندانی تەعزیری مەحکووم کراوە و حوکمەکەی بۆ ماوەی ٢ ساڵ، هەڵپەسێردراوە.

ئەم سێ چالاکە کرێکارییە، شەوی چوارشەممە، ٢٧ی بانەمەڕ، لەگەڵ کۆمەڵێک لە چالاکانی کرێکاری بۆ بەرزڕاگرتنی یادی هوومەن عەبدوڵڵاهی، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی چووبوونە ماڵی باوکی ناوبراو کە هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی بە هێرشکردنە سەر ماڵی فەرشید عەبدوڵڵاهی، بە نواندنی توندوتیژی دەسبەسەریان کردبوون.

ئەم چالاکە کرێکارییانە، پاش دەسبەسەرکران، بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە ڕاگوێزرابوون.

ئەم سێ چالاکە کرێکارییە، پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە، ئازاد کرابوون.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: خەبات مەحموودی، شادمان عەبدی و کەماڵ کەریمی