زیندانی ئیلام؛ وەحید چاوران مانی لە خواردن گرت

10:09 - 27 پووشپەڕ 2723

لە ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕەوە، وەحید چاوران، چالاکی مەدەنیی خەڵکی ئاودانان، پاش وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپا، لە زیندانی ئیلام، مانی لە خواردن گرتووە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم چالاکە مەدەنییە، لە گرتنگەی ئیتلاعاتی سپادا، بەتوندی ئەشکەنجە کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: حەفتەی ڕابردوو، وەحید چاوران، لەژێر ئەشکەنجەی توندی هێزە ئەمنییەتییەکاندا، ناچار بە دانپێدانانی زۆرەملێ دژی خۆی کراوە.

ڕۆژی هەینی، ٢ی پووشپەڕ، ئەم هاووڵاتییە کورد لە کاتی چوونەدەرەوە لە وڵات، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لە سنووری ورمێ دەسبەسەر کرابوو.

وەحید چاوران، بە هۆی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەژێر چاوەدێریی هێزە ئەمنییەتییەکاندا بووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان چەند جار بۆ دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییە کوردە هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی بەڵام نەیانتوانیوە دەسبەسەری بکەن.