جێبەجێکرانی حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانیی خەڵکی کەنگاوەر لە زیندانی هەمەدان

09:49 - 27 پووشپەڕ 2723

بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ئێران، سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ٢٦ی پووشپەڕ، حوکمی لەسێدارەدرانی دوو زیندانی بە ناوەکانی "موحسن یاقووتی" و "حەمزە فەڕۆخی"، لە زیندانی ناوەندیی هەمەدان، جێبەجێ کرا.

ئەم دوو زیندانییە، دوانیوەڕۆی ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ لەگەڵ زیندانییەکی دیکە بە ناوی "سادق ڕەزایی"، خەڵکی هەمەدان، بۆ ژووری تاکەکەسی ڕاگوێزرابوون. سادق ڕەزایی بە تۆمەتی "کوشتنی بەئەنقەست"، بە قیساس مەحکووم کرابوو کە توانیی مۆڵەتێکی دوو مانگە لە سکاڵاکەرانی دۆسییەکە وەربگرێ.

بەپێی ئەم ڕاپۆرتە، موحسن یاقووتی و حەمزە فەڕۆخی، دوو ساڵ پێش لە دۆسییەیەکی هاوبەشدا، بە تۆمەتی پێوەندیدار بە "ماددەی هۆشبەر" لە هەمەدان دەسبەسەر کرابوون و بە لەسێدارەدران مەحکووم کرابوون.

تاکوو ئێستا هەواڵی لەسێدارەدرانی ئەم دوو زیندانییە، لەلایەن میدیا نێوخۆییەکانی ئێران، یان سەرچاوە فەرمییەکانەوە ڕانەگەیەندراوە.