سێ ئەندامی یەک بنەماڵە بە دانانی بارمتە ئازاد کران

10:14 - 26 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٥ی پووشپەڕ، سورەیا، عەبدولڕەحمان و سەدرەدین قەیتەران، سێ ئەندامی بنەماڵەیەکی خەڵکی پیرانشار، بە دانانی بارمتە و بە شێوەی کاتی، هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کران.

ئەم سێ هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیاندا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری کرابوون.

سورەیا قەیتەران، ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، بە بێ بەڵگەی یاسایی و لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەی، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ، ڕاگوێزرا.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، عەبدولڕەحمان و سەدرەدین قەیتەران، برای سورەیا قەیتەران، لە ماڵەکەی خۆیاندا و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و پاش کۆتاییهاتنی لێپرسینەوەکەیان، لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ زیندانی نەغەدە، ڕاگوێزران.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم ٣ هاووڵاتییە کوردە زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: عەبدولڕەحمان، سورەیا و سەدرەدین قەیتەران