نەغەدە؛ سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەرێک کە چاوی بریندار ببوو، بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

23:13 - 25 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، سادق مەحموودنژاد، خۆپیشاندەری خەڵکی پیرانشار کە لە ڕەوتی خۆپیشاندانەکاندا چاوی بریندار ببوو، بە بارمتەی ٤ میلیارد تمەنی و بە شێوەی کاتی  لە زیندانی نەغەدە ئازاد کرا.

سادق مەحموودنژاد، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم خۆپیشاندەرە پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، لە گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشارەوە بۆ زیندانی نەغەدە ڕاگوێزرابوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی دووشەممە، ١٢ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردە سەر ماڵی ئەم خۆپیشاندەرە و دەسبەسەریان کرد.

سادق مەحموودنژاد، کاتژمێر ١١ی شەوی ٣٠ی خەرمانانی ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادیدا لە گۆڕەپانی "مامۆستا هەژار"ی پیرانشاردا و بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان چاوی بەتوندی بریندار بوو.

ئەم خۆپیشاندەرە بە هۆی بەرکەوتنی فیشەکی ساچمەیی، بەتوندی بریندار بووە و تۆڕی چاوی چەپی دڕاوە و هێزی بینایی چاوی ٢٠ لەسەدە.

سادق مەحموودنژاد، چەندین جار لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ، فارابیی تاران و ئیمام سەجادی ڕامسەر، نەشتەرگەریی بۆ کراوە.

سادق مەحموودنژاد، تەمەنی ٢٣ ساڵە، خەڵکی گوندی "جەڕان"، سەر بە شاری پیرانشارە، خێزاندارە و منداڵێکی هەیە.