ورمێ؛ دەسبەسەرکرانی ژنێک لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە

23:09 - 25 پووشپەڕ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، هاووڵاتییەک بە ناوی "لالیخان نیک نیا"، خەڵکی گوندی "هەکی"، سەر بە ناوچەی تەرگەوەڕی ورمێ، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەم هاووڵاتییە و لە بەر چاوی هاوسەرەکەی بە ناوی "سەرباز نیک نیا"، ناوبراویان دەسبەسەر کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: لالیخان نیک نیا، بە تۆمەتی "پێوەندی لەگەڵ یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە چارەنووس و شوێنێ ڕاگیرانی ئەم هاووڵاتییە زانیارییەک دەست نەکەوتووە.