پێڕاگەیشتن بە حوکمی سەرەتایی مامۆستا ئارمان سادقی لە دادگای هەمەدان ڕەت کرایەوە

11:07 - 12 پووشپەڕ 2723

پێڕاگەیشتن بە حوکمی سەرەتایی مامۆستا ئارمان سادقی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "حوسێنی"، سەر بە شاری دێولان، و بەرپرس و مامۆستای قوتابخانەی ئایینیی "محەممەد ڕەسولەڵڵا"ی دێولان لە دادگای پێداچوونەوەی تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە ڕەت کرایەوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٠ی پووشپەڕ، لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا لەلایەن دادگای پێداچوونەوەی تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بەم مامۆستا ئایینییە کوردە ڕاگەیەندراوە کە حوکمی دەرکراو دژی ناوبراو پشتڕاست کراوەتەوە و پێداچوونەوەی پێدا ناکرێ و دۆسییەکەشی بۆ بەشی جێبەجێکرانی سزاکان نێردراوە.

مامۆستا ئارمان سادقی، بۆ تۆمەتەکانی "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی بیری گشتی" لەلایەن دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدانەوە بە ٧ مانگ و نیو زیندان و لێدانی ٧٤ قامچی و وەرگرتنەوەی جلی تایبەت بە ڕۆحانییەت مەحکووم کراوە و ئەم حوکمە لە بانەمەڕی ئەمساڵدا بە ناوبراو ڕاگەیەندراوە.

 ڕۆژی سێشەممە ٨ی سەرماوەزی ١٤٠١، مامۆستا ئارمان سادقی، پێشنوێژی مزگەوتی گوندی "حوسێنی" سەر بە دێولان لە دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان تۆمەتەکەی پێ ڕاگەیەندرا و بە کەفالەت ئازاد کرا.

ئەم مامۆستا ئایینییە پاش پاڵپشتی لە بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی دادگای تایبەتی ڕۆحانییەتی هەمەدان کرابوو.