سەید محەممەد تارق حوسێنی بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمەکەی ڕەوانەی زیندانی کرماشان کرا

13:00 - 25 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، سەید محەممەد تارق حوسێنی، خوێندکاری زانستی دینیی خەڵكی جوانڕۆ، بە مەبەستی جێبەجێکرانی حوکمی زیندانەکەی، بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرا.

ئەم خوێندکارە ئایینییە، ڕۆژی ٢١ی ڕەشەمەی ١٤٠١، لە دادگایەکی ٢٠ خولەکیدا، لەلایەن لقی ٤ی دادگای ئینقلابی کرماشانەوە بە تۆمەتی "هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی دژبەری حکوومەتی ئێران و پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە ٣ ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو و ئەم حوکمە لە لقی ١٤ی دادگای پێداچوونەوەی کرماشانیشدا پشتڕاست کرایەوە.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، ڕۆژی یەکشەممە، ٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی کرماشان ڕاگوێزرابوو.

هێزە ئەنییەتییەکان لە کاتی دەسبەسەرکردنی ئەم هاووڵاتییەدا، شووشەی دەرکەی ماڵەکەیان شکاندبوو و مۆبایلی ناوبراویان لەگەڵ خۆیان بردبوو.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، پاش ١٠ کۆبوونەوەی لێپرسینەوە، ڕۆژی ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بۆ زیندانی دێزڵاوای کرماشان ڕاگوێزرابوو و ڕۆژی دواتریش بە دانانی بارمتە بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

ئەم هاووڵاتییە کوردە لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری کراوە.

سەید محەممەد تارق حوسێنی، تەمەنی ٣٠ ساڵە و کوڕی محەممەدسادق حوسێنی و خاوەر شەمسییە.