بەردەوامیی دەسبەسەرکران و ناڕوونیی چارەنووسی سورەیا قەیتەران لە زیندانی ورمێ

09:39 - 25 پووشپەڕ 2723

سورەیا قەیتەران، هاووڵاتیی خەڵکی گوندی "کانی مەلا"، سەر بە شاری پیرانشار، هێشتا لە بەندی ژنانی زیندانی ورمێیە و چارەنووسی ناڕوونە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم هاووڵاتییە، تاکوو ئێستا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سورەیا قەیتەران، پاش لێپرسینەوە لە گرتنگەیەکی ئەمنییەتییەوە بۆ بەندی ژنانی زیندانی ورمێ ڕاگوێزراوە.

ڕۆژی دووشەممە، ٥ی پووشپەڕ، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی، هێرشیان کردە سەر ماڵی باوکی ناوبراو و ئەم هاووڵاتییەیان دەسبەسەر کرد.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، عەبدولڕەحمان قەیتەران و سەدرەدین قەیتەران، براکانی سورەیا لە ماڵی خۆیاندا و بە بێ بەڵگەی یاسایی و بە توندوتیژی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سورەیا قەیتەران، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.