پێدرام موعینی بە دانانی بارمتە لە زیندانی سنە ئازاد کرا

22:07 - 11 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، پێدرام موعینی، خوێندکاری دوکترای کۆمەڵناسیی سیاسیی زانکۆی زانست و لێکۆڵینەوەکانی تاران بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی سنە ئازاد کرا.

ئەم خوێندکارە کوردە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ، لە ژووری تاکەکەسی و لەژێر گوشاری هێزە ئەمنییەتییەکاندا بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢١ی جۆزەردان، هێزە ئەمنییەتییەکان بە بێ بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنی کاری پێدرام لە بانە و دەسبەسەریان کردووە.

هێزە ئەمنییەتییەکان پاش پشکنینی شوێنی کارەکەی پێدرام، هەندێ کەلوپەلی کەسیی ناوبراو، لەوانە مۆبایلەکەیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

پێدرام موعینی، ڕۆژی ٢ی ڕەزبەری ١٤٠١، لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بۆ بەندی ٢٠٩ی زیندانی ئێڤین ڕاگوێزرابوو.

ئەم خوێندکارە کوردە پاش ڕاگوێزرانی بۆ بەندی ٢٠٤ی زیندانی ئێڤین، بە دانانی بارمتەی یەک میلیارد تمەنی بە شیوەی کاتی ئازاد کرابوو.

پێدرام موعینی لەلایەن لێپرسی دادسەرای ئێڤینەوە بە "هەوڵدان دژی تەناهیی نەتەوەیی وڵات"، "پڕوپاگەندە دژی نیزام" و "تێکدانی نەزم و ئاسایشی گشتی لە ڕێگەی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکان" تۆمەتبار کرابوو.

پێدرام موعینی، تەمەن ٣٨ ساڵ، کوڕی عەزیزوڵڵا و خەڵکی سنەیە.