بانگهێشتی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری لە گیانلەدەستداوانی مەهاباد بۆ ئیدارەی ئیتلاعات

23:32 - 22 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی پێنجشەممە، ٢٢ی پووشپەڕ، شیرین حوسێن‌پووری، فەریبا حوسێن‌پووری، شیما حوسێن‌پووری، شەهرووز حوسێن‌پووری و ڕەحمان ئیسماعیلی، لە ئەندامانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهاباد کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، هێزە ئەمنییەتییەکان بەنیسبەت چالاکیی ئەندامانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری لە سۆشیاڵ میدیا هۆشداریی پێ دابوون.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ئەندامانی بنەماڵەی ئازاد حوسێن‌پووری، پاش چەند کاتژمێر لێپرسینەوە ئازاد کران و هێزە ئەمنییەتییەکان پێیان ڕاگەیاندن لە ڕۆژی شەممە، ٢٤ی پووشپەڕ، لە ئیدارەی ئیتلاعاتی مەهباد ئامادە بن.

سەرەتاکانی پووشپەڕ، لە کردەوەیەکی تێکدەرانەدا، دەستوپێوەندییەکانی حکوومەت، وشەی "شەهید"یان لەسەر کێلی مەزاری ئازاد حوسێن‌پووری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی سڕیەوە.

شەوی پێنجشەممە، ٢٦ی خەزەڵوەری ١٤٠١، ئازاد حوسین‌پووری، پزیشکی ددان و خۆپیشاندەری خەڵکی مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.