سنە؛ دەسبەسەرکرانی دوو هاووڵاتیی کورد لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە
23:38 - 21 پووشپەڕ 2723
دوو هاووڵاتیی کورد بە ناوەکانی "تەها کەریمی" و "موختار شەریفی"، خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزران.
بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، تەها کەریمی، تەمەن ٤٢ ساڵ، بە بێ بەڵگەی یاسایی لە شوێنی کارەکەی خۆی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: موختار شەریفی، ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، لە گوندی "ساڵیان"، سەر بە شاری سنە، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.
تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەم دوو هاووڵاتییە، زانیارییەک دەست نەکەوتووە.
وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: تەها کەریمی و موختار شەریفی