تێرۆری سێهەمین ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە ماوەی ٦ ڕۆژدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق

20:55 - 21 پووشپەڕ 2723

سیامەند شابۆیی، ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە شاری هەولێری کوردستانی عێراق، لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کرا.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە بڵاوکردنەوەی ڕاگەیەندراوێک، ڕایگەیاندووە کە: سیامەند شابۆیی لە ڕۆژی سێشەممەوە دیار نەمابوو، دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پێوەندیدارەکان و گەڕان بەدوای ناوبراودا، بەداخەوە دوانیوەڕۆی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ تەرمی بێ‌گیانی لە دەوروبەری شارۆچکەی "بەحرەکە" لە نیزیک هەولێر دۆزرایەوە.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای مەحکوومکردنی ڕفاندن و تێرۆری سیامەند شابۆیی بەدەستی مۆرەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکات ڕێگا نەدەن جارێکی دیکە و وەک پێشوو حکوومەتی ئێران ئەم وڵاتە بکاتە مەیدانی تەڕاتێنی تیمە تێرۆریستەکانی و تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی دیسان ببێتەوە هەڕەشە بۆ سەر گیانی تێکۆشەرانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.

حیزبی دێموکرات هەروەها داوا لە وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکات ئەم تاوانە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و بە گوشارخستنە سەر حکوومەتی ئێران تێچووی کردەوە تێرۆریستییەکانیان لەسەر زیاد بکەن.

سیامەند شابۆیی، کوڕی قادر، لەدایکبووی ساڵی ١٣٦٥ لە گوندی "شاوانێ" سەر بە شاری شنۆ بوو.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕیش، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی "لوقمان ئاجی" و "عادڵ(سەرباز) موهاجیر"، لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق تێرۆر کران.