سنە؛ ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاری دەسبەسەر کرا

16:28 - 21 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی چوارشەممە، ٢١ی پووشپەڕ، ڕێبوار عەبدوڵڵاهی، چالاکی کرێکاریی خەڵکی سنە، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا و بۆ شوێنێکی نادیار ڕاگوێزرا.

ئەم چالاکە کرێکارییە، لە کاتی چوونەدەرەوە لە ماڵەکەی و ڕۆیشتن بۆ سەر کارەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کراوە.

ئەم چالاکە کرێکارییە، ڕێبەندانی ١٤٠٠، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و گەلاوێژی ١٤٠١، لەلاین لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی" بە تۆمەتی "پڕوپاگەندە دژی نیزام"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعلیقی مەحکووم کرابوو.

ڕێبوار عەبدوڵلاهی، ئەندامی پێشووی کۆمیتەی هاواهەنگی بۆ یارمەتیگەیاندن بە دروستکردنی گرووپە کرێکارییەکان بووە و ساڵی ١٣٩٣ش لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و لەلایەن لقی یەکی دادگای ئینقلابی سنەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "سەعیدی"، بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە کۆمیتەی هاواهەنگی و هاوکاری لەگەڵ حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران" بە یەک ساڵ زیندانی تەعزیری مەحکووم کرابوو.