عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، بە زیندان و لێدانی قامچی مەحکووم کران

16:23 - 21 پووشپەڕ 2723

عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لە بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی بۆکانەوە، هەر کام بە ٦ مانگ زیندان و لێدانی ٤٠ قامچی مەحکووم کران.

دادگا، ئەم دوو هاووڵاتییەی بە "تێکدانی نەزمی گشتی" تۆمەتبار کردووە و ئەم حوکمە ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ بەم دوو کەسە ڕاگەیەندراوە.

شەوی هەینی، ١٩ی جۆزەردانی ١٤٠٢، عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی لەگەڵ بنەماڵەی گیانلەدەستداوانی سنە، دێولان و دیواندەرە، پاش تەوابوونی ڕێوڕەسمی سەر مەزاری گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە گۆڕستانی ئایچیی سەقز، و گۆڕستانی بۆکان، لە چوونەژوورەوەی شاری سەقز، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوون.

ئەم دوو هاووڵاتییە، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردان، بە دانانی بارمتە، بە شێوەی کاتی لە زیندانی بۆکان ئازاد کرابوون.

ڕۆژی ٢٦ی خەزەڵوەر، ئارام حەبیبی برای ئارمان حەبیبی لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە سنە، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

وێنە لە راستەوە بۆ چەپ: عەبدولڕەحمان نەسری و ئارمان حەبیبی