١٠ ڕۆژبێ‌ئاگابوون لە چارەنووسی سامان پاشایی

10:06 - 21 پووشپەڕ 2723

سەرەڕای تێپەڕبوونی ١٠ ڕۆژ لە دەسبەسەرکرانی سامان پاشایی، خاوەنی میداڵی جیهانیی کوشتیی فەرەنگی و خەڵکی سەقز، هیچ زانیارییەک لەمەڕ چارەنووسی ناوبراو لەبەر دەستدا نییە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار، ئەم وەرزشوانە کوردە تاکوو ئێستا هیچ پێوەندییەکی تلفۆنیی لەگەڵ بنەماڵەکەی نەبووە، ئیزنی چاوپێکەوتنیشی پێ نەدراوە و لە بوونی پارێزەریش بێبەری کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: سەرەڕای چوونی بنەماڵەی پاشایی بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە، هێزە ئەمنییەتییەکان لە دانەوەی وڵامێکی ڕوون سەبارەت بە چارەنووسی سامان خۆیان بواردووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ١١ی پووشپەڕ، سامان پاشایی، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.

سامان پاشایی، دوکتورای فیزیۆلۆژی و خۆراکی وەرزشی هەیە و ئەندامی ئاکادێمیای نەتەوەیی پزیشکیی وەرزشیی ئامریکایە کە لە زانکۆکانی کوردستاندا وانە دەڵێتەوە.

هەتا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم هەواڵە، لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سامان پاشایی زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.