بانگهێشتی دوو مامۆستای ئایینیی کورد بۆ ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار

17:45 - 20 پووشپەڕ 2723

مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی و مامۆستا شەریف مەحموودپوور، لە پیشنوێژەکانی پەسوێی پیرانشار، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ئەم شارە کران و لێپرسینەوەیان لێ کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی سێشەممە، ٢٠ی پووشپەڕ، مامۆستا سەید جەماڵەدین واژی بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی عادڵ موهاجیر و لوقمان ئاجی، لە ئەندامانی حیزبی دێموکرات کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕ لە هەرێمی کوردستان و لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کران، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و پاش ٤ کاتژمێر، لێپرسینەوە ئازاد کراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی پووشپەڕ، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، بە هۆی بەشداری لە ڕێوڕەسمی پرسەی مووسا ئیسماعیلی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پەسوێ کە لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێدا گیانی لەدەست دابوو، بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی پیرانشار کراوە و پاش ٣ کاتژمێر لێپرسینەوە، ئازاد کراوە.

شەوی دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مەلا سەید جەماڵەدین واژی بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی چوارشەممە، ١٩ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی ئازاد کرابوو.

شەوی دووشەممە، ٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، مامۆستا شەریف مەحموودپوور، پاش خوێندنەوەی بەیانییەی زانایان و مامۆستایانی ئایینیی شاری پیرانشار و دەوروبەری سەبارەت بە لەسێدارەدانەکان، دەسبەسەرکرانە خۆسەرانەکان، ئەشکەنجەی زیندانییان و دەرکردنی حوکمی کەیفەری بۆ ئەوان، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و ڕۆژی یەکشەممە، ٢٣ی ڕێبەندانی ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی، لە زیندانی ورمێ ئازاد کرابوو.