شنۆ؛ دوو هاووڵاتیی خۆپیشاندەر بە زیندان مەحکووم کران

13:03 - 19 پووشپەڕ 2723

مێهران حەسەنزادە و موبین ڕەسووڵ تاب، دوو هاووڵاتیی خەڵکی "گردکشانە"ی شنۆ، لەلایەن لقی ١٠١ی دادگای کەیفەری ٢ی ئەم شارەوە بە ساڵێک و ٩ مانگ زیندان، مەحکووم کران.

بەپێی حوکمی دەرکراو، موبین ڕەسووڵ تاب، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی دژی تەناهیی نەتەوەیی"، بە ساڵێک زیندان و مێهران حەسەنزادەش، هەر بەم تۆمەتە بە ٩ مانگ زیندان مەحکووم کراوە.

ئەم حوکمە، ڕۆژی ٢٥ی جۆزەردانی ئەمساڵ، بەم دوو لاوە کوردە، ڕاگەیندراوە.

ئەم دوو هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە، ڕۆژی چوارشەممە، ٦ی رەزبەری ١٤٠١، بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کران و ڕۆژی پینجشەممە، ٧ی رەزبەری ١٤٠١، بۆ زیندانی ورمێ ڕاگوێزران.

ئەم دوو لاوە ڕۆژی ٨ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بۆ زیندانی شنۆ ڕاگوێزران و مێهران حەسەنزادە ڕۆژی ٩ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٢٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو و موبین ڕەسووڵ تابیش ڕۆژی ١٥ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی ئازاد کرابوو.

وێنە لە ڕاستەوە بۆ چەپ: مێهران حەسەنزادە و موبین ڕەسوول تاب