فەرهاد نەوایی، مێرمنداڵی مەهابادی بە ٢ ساڵ زیندان مەحکووم کرا

10:49 - 19 پووشپەڕ 2723

فەرهاد نەوایی، میرمنداڵی تەمەن ١٦ ساڵی خەڵکی گوندی "ترشکان"ی مەهاباد، لەلایەن دادگای کەیفەری یەکی تایبەت بە مێرمنداڵان، جێگیر لە مەهاباد، بە تۆمەتی "کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنجامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری بە هەژمارکردنی ڕۆژانی دەسبەسەرکرانی پێشووی، مەحکووم کرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئەم حوکمە، ڕۆژی شەممە ١٧ی پووشپەڕ، پاش ئامادەبوونی بنەماڵەی فەرهاد نەوایی لە دادگادا پێیان ڕاگەیەندراوە. ئەم حوکمە هاوکات بە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەتی ورمێش ڕاگەیەندراوە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: فەرهاد نەوایی لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا و لە کۆبوونەوەی دادگاییدا، لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

هەروەها دادگا بۆ ئازادیی کاتیی فەرهاد، بارمتەی ٥ میلیارد تمەنیی دیاریی کردبوو کە بنەماڵەکەی توانایی دابینکردنیان نەبووە.

هەواڵدەریی "میزان"، سەر بە هێزی دادوەریش لەمبارەوە بە بڵاوکردنەوەی هەواڵێک سەبارەت بە فەرهاد نەوایی، نووسیویەتی: "دادگای کەیفەری یەکی تایبەتی مێرمنداڵانی پارێزگا، جێگیر لە مەهاباد، لە پێڕاگەیشتن بە تۆمەتەکانی تۆمەتبار، بە سەرنجدان بە بەڵگەکان سەبارەت بە تۆمەتەکانی ناوبراو لەمەڕ موحاربە، حوکمی بێتاوان بوونی ناوبراو دەر دەکات بەڵام سەبارەت بە تۆمەتی کۆبوونەوە و تەبانی بۆ ئەنخامدانی تاوان دژی تەناهیی نێوخۆیی وڵات بە سەرنجدان بە دۆسییەکە، لێکۆڵینەوەکان، دانپێدانان و وتەکانی تۆمەتبار، بە ڕەچاوکردنی یاسای کەمکردنەوەی سزای زیندانی تەعزیری و کەمکردنەوەی یاسایی، ناوبراوی بە ٢ ساڵ زیندانی تەعزیری لە کانوونی ئێسڵاح و تەربییەت بە هەژمارکردنی ماوەی دەسبەسەرکرانی پێشوو، مەحکووم کردووە."

فەرهاد نەوایی، ڕۆژی ٢٧ی خەزەڵوەری ١٤٠١، بە تۆمەتی بەشداری لە ناڕەزایەتییەکانی ژن، ژیان، ئازادی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرا.