ئاخرین وردەکارییەکان سەبارەت بە قەتڵی حکوومەتیی پەیمان گەڵوانی، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێدا

10:38 - 19 پووشپەڕ 2723

پەیمان گەڵوانی یەکێکی دیکە لە قوربانییانی قەتڵی حکوومەتیی کۆماری ئیسلامیی ئێرانە کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، پاش خەوێندران لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ و بە هۆی توندیی برینەکانی لە ئاکامی ئەشکەنجە لە گرتنگەی ئیتلاعات، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، پەیمان گەڵوانی لە ماوەی دوو ڕۆژی ڕابردوودا، لە نەخۆشخانەی خومەینیی ورمێ خەوێندراوە و ناوەندە ئەمنییەتییەکان لە پێوەندییەکی تلفۆنیدا بە بنەماڵەکەیان ڕاگەیاندووە کە لە نەخۆشخانەیە. بنەماڵەی گەڵوانیش شەوی ڕابردوو، بە گوشار و پێداگریی زۆرەوە توانیبوویان بۆ ماوەی کەمتر لە ٢٠ خولەک بیبینن.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، سەبارەت بە دۆخی پەیمان گەڵوانی لە نەخۆشخانە دەڵێ: دەس و لاقیان بە دەستبەند و پێبەند بەستبوو بە تەختەکەوە، هەموو لەشی شین هەڵگەڕابوو و برینی پێوە بوو و تا ئاستێک ئەشکەنجە کرابوو و دۆخی خراپ بوو کە بە بەردەوامی لەسەر تەختەکە، لەشی دەجووڵایەوە.

تا کاتی بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە، تەرمی پەیمان گەڵوانی تا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی پشکنین لە ساردخانەی ورمێدا دەبێ و دادستانی ورمێ مەرگی ناوبراوی "گوماناوی" ڕاگەیاندووە.

پاش گیانلەدەستدانی پەیمان گەڵوانی، هێزە ئەمنییەتییەکان گوشاریان خستووەتە سەر بنەماڵەکەی کە دەبێ هۆکاری مەرگەکەی "بەربوونەوە لە بەرزایی"، ڕابگەیێنن. سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا لەمبارەوە دەڵێ، ئەم ئیدعایەی ناوەندە ئەمنییەتییەکان درۆیە و بنەماڵەکەی چاوەڕێی وڵامی پزیشکی دادوەری و پشکنینەکەن.

بنەماڵەی گەڵوانی ڕایانگەیاندووە کە کوڕەکەیان ساغ بووە و هیچ جۆرە نەخۆشییەکی پێشووتری نەبووە.

پەیمان گەڵوانی، ڕۆژی ٤ی پووشپەڕی ١٤٠٢، دوابەدوای هێرشی هێزە ئەمنییەتیەکان بۆ سەر ماڵەکەی، بە بێ بەڵگەی یاسایی و هیچ چەشنە ڕوونکردنەوەیەک دەسبەسەر دەکرێ و بۆ گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ رادەگوازرێ. ناوبراو لەم ماوەیەدا مافی هیچ جۆرە پێوەندی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەری نەبووە.

پەیمان گەڵوانی، ٣ ساڵ پێش، ببووە ئەندامی یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە پاش ٣ مانگ، بە وەرگرتنی ئەماننامە، دەگەڕێتەوە بۆ ئێران. بە وتەی سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا، ئەمە دەتوانێ تەنیا هۆکاری دەسبەسەرکرانی پەیمان لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتییەکانەوە بێ.

پەیمان گەڵوانی، تەمەنی ٢٤ ساڵ و خەڵکی مەهاباد بوو و کاری ئازادی هەبوو.

ناوبراو ٧ مانگ پێش ئێستا، هاوسەرگیریی کردبوو. لە ماوەی چاوپێکەوتنێکی کورتدا کە لەگەڵ بنەماڵەکەی هەیبووە بە هاوسەرەکەی وتووە: "نیگەران مەبە، دەگەڕێمەوە."