مەهاباد؛ سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور بە دانانی بارمتە ئازاد کرا

23:17 - 18 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕ، سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، برای سەید کەماڵ ئەحمەدپوور، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، بە دانانی بارمتەی ٥٠٠ میلیۆن تمەنی و بە شێوەی کاتی لە زیندانی مەهاباد ئازاد کرا.

ئەم هاووڵاتییە، لە ماوەی دەسبەسەرکرانیدا لە دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٢٨ی جۆزەردان، سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، تەمەن ٤٥ ساڵ و کوڕی سەید تاهیر، خەڵکی مەهاباد، لە شوێنی کارەکەی خۆی، لە شەقامی "مەنبەع"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو و بە مەبەستی لێپرسینەوە بۆ یەکێک لە گرتنگە ئەمنییەتییەکانی ورمێ ڕاگوێزرابوو.

سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، پاش کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی لێپرسینەوە بۆ زیندانی مەهاباد ڕاگوێزرابوو.

ڕۆژی هەینی، ٢٧ی خەزەلوەری ١٤٠١، سەید کەماڵ(خالق) ئەحمەدپوور، برای سەید عەبدوڵلا لە ڕەوتی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە مەهاباد، بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

تاکوو ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکران و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی سەید عەبدوڵڵا ئەحمەدپوور، زانیارییەکی ورد دەست نەکەوتووە.