تێکدانی مەزاری عەبدولسەلام قادر گەڵوان لە گیانلەدەستداوانی شنۆ و دەسبەسەرکردن، لێدان و بێڕێزیکردن بە براکەی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە

19:04 - 18 پووشپەڕ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی یەکشەممە، ١٨ی پووشپەڕی ١٤٠٢، هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی شنۆ، پاش دەسبەسەرکران و نواندنی توندوتیژی بەرانبەر بە سلێمان قادر قەڵوان، برای عەبدولسەلام قادر گەڵوان، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی، لە گرتنگەدا داویانەتە بەر لێدان و بێڕێزییان پێ کردووە و دواتریش مەزاری براکەیان تێک داوە.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، کاتژمێر ٣ی سەرلەبەیانی، هێزە ئەمنییەتییەکان بە هێرشکردنە سەر ماڵی سلێمان قادر گەڵوان، بە توندوتیژی و بێڕێزیکردن پێی، لە پێش چاوی هاوسەر و منداڵەکانی دەسبەسەریان کردووە و بۆ گرتنگەی ئیتلاعاتی شنۆیان ڕاگواستووە.

سلێمان قادر گەڵوان هەتا بەیانی لەم گرتنگەیەدا لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە لێی دراوە. کاتی بەیانیش هێزە ئەمنییەتییەکان ناوبراویان بردووەتە سەر مەزاری عەبدولسەلام قادر گەڵوان و لە پێش چاوی خۆیەوە، مەزاری براکەیان تێك شکاندووە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا دەڵێ: سلێمان قادر گەڵوان لە ڕەوتی دەسبەسەرکراندا، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە بێڕێزیی پێ کراوە و ڕیش و سمێڵیشیان تاشیوە.

ئێستا بنەماڵەی قادر گەڵوان، بە مەبەستی چارەسەری پزیشکی و وەرگرتنی سی‌تی‌ئێسکەن لە کوڕەکەیان، بۆ نەخۆشخانەی نەغەدە ڕاگوێزراوە.

چواری ڕەزبەری ١٤٠١، عەبدولسەلام قادر گەڵوان، کوڕی نادر، کە لە ناڕەزایەتییەکانی ٣٠ی خەرمانانی شنۆدا بەتوندی بریندار ببوو، لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی ورمێ بە هۆی قووڵیی برینەکانیەوە گیانی لەدەست دا.