کوژرانی مووسا ئیسماعیلی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراوی خەڵکی پیرانشار لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی ئیتلاعاتی ورمێدا

18:50 - 17 پووشپەڕ 2723

مووسا ئیسماعیلی، هاووڵاتیی دەسبەسەرکراویی خەڵکی پەسوێی پیرانشار، لەژێر ئەشکەنجەی هێزەکانی گرتنگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ، گیانی لەدەست دا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، باوکی ئەم هاووڵاتییە لە ڕێگەی پێوەندییەکی تلفۆنییەوە بانگهێشتی ئیدارەی ئیتلاعاتی ورمێ کراوە و پاش ئامادەبوون لەم ناوەندە ئەمنییەتییە پێیان ڕاگەیاندووە کە "کوڕەکەی لەژێر ئەشکەنجەدا گیانی لەدەست داوە و بەڵگەی کۆچی دواییەکەشیان پێ داوەتەوە."

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند؛ هێزە ئەمنییەتییەکان بە باوکی مووسا ئیسماعیلیان ڕاگەیاندووە کە "تەرمێک بوونی نییە و مافی بەڕێوەبردنی ڕێوڕيسمی پرسەشیان لە مزگەوتدا نابێ."

ئەم سەرچاوە ئاگادارە وتی: مووسا ئیسماعیلی لە ماوەی دوو مانگ دەسبەسەرکراندا لە مافی هەرجۆرە پێوەندییەکی تلفۆنی، چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵە و دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر بێبەری بووە.

شەوی یەکشەممە، ١٧ی بانەمەڕ، ئەم هاووڵاتییە بە تۆمەتی "ئەندامەتی لە یەکێک لە حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران"، بە بێ بەڵگەی یاسایی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.

هێزە ئەمنییەتییەکان دەستیان بەسەر ماشینی مووسا ئیسماعیلدا گرتووە و لەگەڵ خۆیان بردوویانە.

مووسا ئیسماعیلی کوڕی محەممەدئەمین، لەدایکبووی ١٦ی سەرماوەزی  ١٣٧٠ بووە، ناوبراو خێزاندار بووە و دوو منداڵی هەبووە.