نازیلا مەعرووفیان پاش بانگهێشتکران بۆ دادسەرای ئێڤین، دەسبەسەر کرا

15:39 - 17 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی خەڵکی سەقز و دانیشتووی شاری تاران، پاش بانگهێشتکرانی بۆ دادسەرای ئێڤین، دەسبەسەر کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە، ڕۆژی سێشەممە، ١٣ی پووشپەڕ، لە تویترەکەی خۆیدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات، هێرشیان کردووەتە سەر ماڵەکەی و لەپتاب، مۆبایلی ناوبراو و ئامێرێکی هەڵگرتنی دەنگیان لەگەڵ خۆیان بردووە.

هێزەکانی وەزارەتی ئیتلاعات بەم ڕۆژنامەوانەیان ڕاگەیاندبوو کە دەبێ ڕۆژی شەممە، ١٧ی پووشپەڕ، لە دادسەرای ئێڤیندا ئامادە بێت.

ڕۆژی دووشەممە، ٢٢ی جۆزەردانی ١٤٠٢، ئەم ڕۆژنامەوانە، هەڵسوکەوتی هێزەکانی یگانی تایبەت و جنێودانی ڕەگەزیی ئەوانی بەرانبەر بە خۆی کە بە بێ سەرپۆش لە تئاتری شاردا بەشدار بوو، بە فەرمی بۆ خەڵک گێڕایەوە.

ناوبراو ڕۆژی ٣٠ی جۆزەردان، لە چوارڕێیانی وەلیعەسری تاران، لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە کەوتبووە بەر لێدان و توندوتیژی.

ڕێبەندانی ١٤٠١، ئەم ڕۆژنامەوانە لەلایەن لقی ٢٦ی دادگای ئینقلابی تارانەوە بە سەرۆکایەتیی دادوەر "ئەفشاری"، بە تۆمەتی "چالاکیی پڕوپاگەندەیی دژی نیزام" و "بڵاوکردنەوەی درۆ بە مەبەستی تێکدانی بیروڕای گشتی لە ڕێگەی وتووێژ لەگەڵ باوکی ژینا_مەهسا ئەمینی"، بە دوو ساڵ زیندانی تەعزیری، ١٥ میلیۆن تمەن سزای نەختی و ٥ ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە وڵات مەحکووم کرابوو و حوکمی ٢ ساڵ زیندانەکەی بۆ ماوەی ٥ ساڵ چووە حاڵەتی هەڵپەساردنەوە.

ڕۆژی دووشەممە، ١٩ی بەفرانباری ١٤٠١، نازیلا مەعرووفیان بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی هەتا کۆتاییهاتنی قۆناغەکانی دادڕەسی ئازاد کرا.

ئەم ڕۆژنامەوانە کوردەی خەڵكی سەقز، ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی خەزەڵوەی ١٤٠١، بە هۆی وتووێژ لەگەڵ ئەمجەد ئەمینی، باوکی ژینا-مەهسا ئەمینی لەلایەن هێزە ئەمنییەتییەکانەوە دەسبەسەر کرابوو.