پیرانشار؛ توندوتیژیی خێزانی بووە هۆی کوژرانی کچێکی ١٥ ساڵە بەدەستی باوکی

17:40 - 16 پووشپەڕ 2723

ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕی ١٤٠٢، کچێکی تەمەن ١٥ ساڵ بە ناوی "زیلان ئەیوەز"، لە ئاکامی توندوتیژییەکی خێزانیدا و بە هۆی "کێشەی کۆمەڵایەتی"، بەدەستی باوکی لە گوندی "زێوە"، سەر بە شاری پیرانشار کوژرا.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا؛ ئەم کچە تەمەن ١٥ ساڵەیە، کاتژمێر ٩:١٥ خولەکی بەیانیی ڕۆژی هەینی، دوابەدوای هاتنەئارای توندوتیژییەکی خێزانی و پاش ئەشکەنجە و لێدانی توند، بە چەک، لەلایەن باوکییەوە بە ناوی "عەبدولسەلام ئەیوەز"، کوژراوە.

سەرچاوەی ئاگاداری کوردپا ڕایگەیاند: زیلان سەرەتا لەلایەن باوکییەوە بە میچەوە هەڵواسراوە و دواتر بە دوو فیشەک کوژراوە.

عەبدولسەلام ئەیوەز پاش کوشتنی کچەکەی، خۆی ڕادەستی پۆلیس کردووە.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ئاماژە بەوە دەکات کە باوکی ئەم کچە ١٥ ساڵەیە، پێشینەی توندوتیژی خێزانیی دژی بنەماڵەکەی هەبووە و لە ساڵەکانی ڕابردوودا، کچەکەی لە خوێندن بێبەری کردووە.

زیلان ئەیوەز لەدایکبووی ٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٨٦ لە پیرانشار بووە.

لە ڕۆژانی ڕابردوودا، لە سنەش باوکێک کە خووگریی بە ماددەی هۆشبەری شیشە بووە، دوو کچی ٣ و ٥ ساڵی خۆی بەشێوەیەکی دڕندانە کوشتووە.

کوردپا لە یەک دەیەی ڕابردوودا بەشێوەی نێونجی ساڵانە ٣٠ حاڵەتی ژنکوژیی لە کوردستانی ئێراندا تۆمار کردووە.

بە وتەی ئەوین مستەفازادە، بەرپرسی ناوەندی ئامار و وتەبێژی کوردپا؛ ئەوەی سەبارەت بە ژنکوژی لە کوردستانی ئێران، بەپێچەوانەی وێژمانی حکوومەت دەبێ لەبەرچاو بگیردرێت؛ ئەمەیە کە ژنکوژی ئاکامی یەک هۆکار "هۆی نامووسی" یا "فەرهەنگی" ناولێنانی پرسەکە وەکوو خوێندنەوەی حکوومەت نییە، بە پێچەوانە حکوومەت کەڵکی سیاسی_کۆمەڵایەتیی لێ وەرگرتووە تا لەلایەک بەرپرسایەتی سەبارەت بە یاساوڕێسای توندوتیژانە و هاوکات لەگەڵ هەڵاواردن لەسەر شانی خۆی لا ببات و لەلایەکی ترەوە نیشان بدات کورد، فەرهەنگی ژنکوژیی تێدایە، لەحاڵێکدا کە فەرهەنگ پرسێکی نەگۆڕ نییە و لە پێوەندی لەگەڵ دۆخی کۆمەڵایەتی_سیاسی_ئابووریی کۆمەڵگە درێژە بە ڕەوتی خۆی دەدات.

هەروەها لە ساڵەکانی ڕابردوودا، دیاردە کۆمەڵایەتییەکانی خووگری، هەژاری، بێکاری و ...، لە هۆکارە گرینگەکانی نواندنی توندوتیژیی خێزانی، ژنکوژی و بەرزبوونەوەی توندوتیژی لە ئاستی کۆمەڵگە بەشێویەکی گشتیی بووە و باقی دیاردەکانی ژنکوژی و خۆکوژی لە پێوەندی لەگەڵ ژنان تەنیا پێوەندیی بە قوربانییانەوە نییە، بەڵکوو لە زۆر حاڵەتدا دوابەدوای داواکاریی جیابوونەوە و مافەکانی خۆیان و لە ئاکامی ئاگاهیدا بەرەوڕووی توندوتیژی بوونەتەوە.