ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری لە بەهەشتی محەممەدیی سنە گرت

16:08 - 10 پووشپەڕ 2723

ئیدارەی ئیتلاعاتی سنە بە هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی پەیمان مینبەری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی پێشی بە بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی ناوبراو لە بەهەشتی محەممەدیی سنە گرت.

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگاداری کوردپا، ئیدارەی ئیتلاعاتی هەڕەشەی لە بنەماڵەی پەیمان مینبەری کردووە و پێی ڕاگەیاندوون کە تەنانەت ئیزنیان نییە لە ماڵەوەش ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی بۆ بگرن.

ئەم سەرچاوە ئاگادارە ڕایگەیاند: ڕێوڕەسمی یادی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری بە هۆی هەڕەشەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتی سنەوە، هەڵوەشاوەتەوە.

ئەمڕۆ، ١٠ی پووشپەڕ، بڕیار بوو ڕێوڕەسمێک بە بۆنەی یادی لەدایکبوونی پەیمان مینبەری، لەلایەن بنەماڵەکەیەوە لە بەهەشتی محەممەدیی سنە بەڕێوە بچێت.

پێشتر کوردپا، لە وتووێژ لەگەڵ یەکێک لە کەسە نزیکەکانی پەیمان مینبەری، لە گیانلەدەستداوانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی کۆمەڵێک زانیاریی دەست کەوتبوو کە نیشانی دەدا هێزە سەرکوتکەرەکان، بە دەمانچە و لە پشتەوە پەیمان مینبەرییان کردووەتە ئامانج.

پەیمان مینبەری، لە ڕەوتی ناڕەزایەتییەکانی سنەدا، لە پشتەوە و بە دەمانچەی هێزە سەرکوتکەرەکان، کرابووە ئامانج و دەستبەجێ گیانی لەدەست دابوو.

پاش گیانلەدەستدانی ئەم هاووڵاتییە خۆپیشاندەرە، تەرمەکەی بۆ پزیشکی دادوەریی سنە ڕاگوێزرابوو و هۆکاری مەرگەکەی لە بەڵگەی کۆچی دواییەکەیدا بە هۆی "بەرکەوتنی شتی تیژ و سەخت" ڕاگەیەندرابوو.

بنەماڵەی پەیمان مینبەری لەلایەن ناوەندە ئەمنییەتی و قەزاییەکانەوە لەژێر گوشاردان کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی دادگای ئینقلابی سنە بکەن، بەڵام ئەوان ئەم داخوازییەیان ڕەت کردووەتەوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٦ی سەرماوەزی ١٤٠١، بنەماڵەی پەیمان مینبەری بە فەرمی پێیان ڕاگەیەندرا کە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا سەردانی لقی ٤ی لێپرسینەوەی دادسەرای گشتی و ئینقلابی سنە بکەن، بەڵام ساحێبە وەیسی، دایکی پەیمان مینبەری داخوازییەکەی ڕەت کردەوە و ڕایگەیاند: "کۆماری ئیسلامیی ئێران بکوژی کوڕەکەی منە."

 سەرماوەزی ١٤٠١، دایکی پەیمان مینبەری لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا ڕایگەیاند کە "کۆماری ئیسلامی وڵام بداتەوە کە بۆچی خوێنی کوڕەکەم ڕژا؟"

ڕۆژی شەممە، ١٦ی ڕەزبەری ١٤٠١، پەیمان مینبەری، تەمەن ٢٥ ساڵ، کوڕی ئەیووب و ساحێبە خەڵکی گوندی "نییەر"، دانیشتووی سنە، کە وەستای کاری نەردە ئێستیل بوو، لە ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکاندا بە تەقەی هێزە سەرکوتکەرەکان گیانی لەدەست دا.

تەرمی پەیمان مینبەری، کاتژمێر ٢ی نیوەشەوی ڕۆژی یەکشەممە ١٧ی ڕەزبەری ١٤٠١ بە بەشداریی ئەندامانی بنەماڵەکەی و هێزە ئەمنییەتییەکان لە بەهەشتی محەممەدی شاری سنە بە خاک سپێردرا.

پەیمان مینبەری لە دوایین ستۆریی ئینستاگرامەکەیدا نووسیبووی: " ئەمە دەبێتە باشترین شەممەی مێژوو، ناڕەزایەتی دەردەبڕین، مان دەگرین، بە قەولی خۆیان تێک دەدەین، ئێغتشاش دەکەین، کەسێک بیهەوێ ڕێگامان لێ بگرێ، لەگەڵی دەرگیر دەبین، بریندار بین، شەهید بین، شەقامەکانی شار دەکەینە جەهەنەم بۆیان، تا ئازادیی تەواوی خەڵکەکەم و بنەماڵەکەم و شارەکەم درێژە دەدەم."