تێرۆری دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە هەرێمی کوردستانی عێراق

12:05 - 16 پووشپەڕ 2723

سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕ، دوو ئەندامی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، بە ناوەکانی "لوقمان ئاجی" و "عادڵ (سەرباز) موهاجیر"، لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراق تێرۆر کران.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە سەرلەبەیانیی ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕ، چەن کەس لە ئەندامانی ئەم حیزبە چوونەتە ناوچەی دەوروبەری گوندی "هەڵشۆ" سەر بە شاری قەڵادزێ کە ئەم دوو ئەندامەی حیزب لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامییەوە تێرۆر کراون.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، وێڕای مەحکوومکردنی ئەم کردەوە تێرۆریستییەی کۆماری ئیسلامی، لە ڕاگەیەندراوەکەی خۆیدا جەختی کردووەتەوە: ماشینی تێرۆری کۆماری ئیسلامی دژ بە چالاکانی سیاسی کاراتر لە ڕابردوو خەریکی پلاندارێژی و زەبر وەشاندنە.

هەروەها حیزبی دێموکرات داوای لە حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە کە لە بەرانبەر کردەوە تێرۆریستییەکانی کۆماری ئیسلامیدا، هەڵوێست بنوێنن.

گەلاوێژی ساڵی ١٤٠٠یش، مووسا باباخانی، ئەندامی ڕێبەریی حیزبی دێموکرات، لە هوتێل "گوڵی سلێمانی"، لە شاری هەولێر، لەلایەن مۆرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تێرۆر کرا.

لە ساڵی ١٣٥٩ەوە تاکوو ئێستا، سەدان کەس لە ئەندام و پێشمەرگەکانی حیزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی حکوومەتی ئێران، لەوانە ئەندامانی رێبەریی حیزبەکان، لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە لە عێراق، هەرێمی کوردستان، تورکیە و ئورووپا تێرۆر کراون.